وەزارەتی بازرگانی ئامادەكاری بۆ بەشە خۆراكی تایبەت بە مانگی رەمەزان دەكات و دەڵێت، چوار ماددەی نوێی تیادەبێت.
لوما هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ماددە خۆراكییەكانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، كۆمپانیاكەیان دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە تایبەت بە بەشە خۆراكی مانگی رەمەزان. ئەمساڵ جیاواز دەبێت لە ساڵانی رابردوو.
میدیای رەسمیی عێراق لە زاری ئەو بەڕێوەبەرەوە وتیشی، “بەشە خۆراكەكە تایبەت دەبێت و چەند ماددەیەكی بۆ زیاددەكرێت وەك نیشاستە، شعریە، مەعكەرۆنی و ئاردی سفر، سەرەڕای ماددە خۆراكییە سەرەكییەكانی دیكە”.
بەشە خۆراكەكە بۆ سەرجەم خێزانەكان دەبێت بەبێ جیاوازی، وەك ئەوەی لوما هاشم ئاماژەی پێدا و ئەوەشی خستەڕوو، دابەشكردنەكەی لە سەرەتای مانگی رەمەزان و لەماوەی 10 رۆژدا دەبێت.
ئاشكراشیكرد، توێژی چاودێریی كۆمەڵایەتی بەشە خۆراكی بنەڕەتیی تایبەت بە خۆیان وەردەگرن، لەگەڵیشیدا بەشە خۆراكی رەمەزان.