پرۆژەیەكی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە سلێمانی ئاشكرادەكرێت

بەرنامەی خۆراکی جیهانی پرۆژەی پەرەپێدان بە نەمامگەی سەرچنار ئاشكرادەكات و بڕیاریشە بۆ سەوزکردنی سلێمانی لەگەڵ قائیمقامیەت هەماهەنگی بکەن.

نیاز ئیبراهیم، لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانیی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) رایگەیاند، پەرەیان بە نەمامگەی سەرچنار لە سلێمانی داوە و توانای بەرهەمهێنانیان گەیاندووەتە یەک ملیۆن و 500 هەزار نەمام لە ساڵێکدا.

وتیشی، “دەیانەوێت ئەو نەمامانە لە سەوزکردنی سلێمانیدا بەکاربهێنن و خزمەت بە ژینگە و سروشتی سنوورەکە بکەن”.

ئەو وتانەی بەرپرسی رێكخراوەكە لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بوو لە سلێمانی لەگەڵ هەریەك لە قائیمقامی سلێمانی و بەرێوبەری دارستان و پاوانی سلێمانی.

ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی دەستخۆشی لێکردن بۆ ئەو هەماهەنگییە و رایگەیاند، هەرچی بکرێت بۆ سەوزکردنی سلێمانی کەمتەرخەم نابن.

وتیشی، “چەند ساڵێکە هەڵمەتی سەوزکردنی گۆیژەمان دەستپێکردووە و بەشی زۆری چیاکەمان سەوزکردووە، ئەوەش یەکێک بوو لە ئەزموونە سەرکەوتووەکان کە کەرتی تایبەتمان هێنایە ناو ئیشەکەوە و بەهەموومان هەڵمەتەکەمان سەرخست”. وەك ئەوەی لە راگەیەندراوێكی قائمیقامیەتی سلێمانیدا هاتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان رووبەری زیاتر لە گۆیژە و ناو سەنتەری شار سەوزدەکەن.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا تارق حەمەغەریب، بەڕێوبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، لە نەمامگەکان توانای بەرهەمهێنانی نەمامیان زیادیکردووە و هاوکاری هەموو لایەک دەبن بۆ سەوزکردن.

وتیشی، “بە هاوکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی ژمارەیەک خولی راهێنانیان کردووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت نەمامگە دابنێن”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share