ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو كەس بە تۆمەتی کوشتنی زاوایەکیان رادەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی شەممە 23ی كانونی یەكەم هاوڵاتی (محەمەد شەعبان) “لەلایەن ماڵە خەزورانی لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە گەڕەكی قەتەوی شاری هەولێر کوژرا”، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش و پۆلیس) دەستكرا بە لێکۆڵینەوه و دەرکەوت تۆمەتباران بۆ یەكێك لە شارەكانی خوارووی عێراق هەڵاتوون.
دەشڵێت، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، دوو كەس لەو تۆمەتبارانە بە ناوەکانی (ف.ز.ح.) و (ه.ف.ز.) دەستگیرکران و رادەستی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان کران.
قوربانییەكە لەدایكبووی ساڵی 1993یە و بەرەبەیانیی شەممە لەلایەن چەند كەسێكەوە درایەبەر دەستڕێژی گوللـە.