دوای پێشوازیکردن لە شاندێکی حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری ناوخۆ ئەو وڵاتە، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو شاندە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.
عومەر عەدنان واعیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی مەجید میر ئەحمەدی، بریکاری وەزیری ناوخۆی ئێران کرد بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی گرنگی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.
حکومەتی بەغداد و تاران ڕێککەوتن لەسەر پێویستی داخستنی رێگا و دەروازە نافەرمییەکان چونکە رێگایەکن بۆ ئاڵوگۆڕی کەرەستەی قەدەغەکراو، هەروەها رێککەوتن کە تەواوی ئەو توانایانەی لەبەردەستیاندایە بۆ ئامادەکاریی لەکاتی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بیخەنەگەڕ.
هەردوولا جەختیانلەوە کردەوە کە پەیوەندی بەردەوامیان دەبێت لە رێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە دەروازە سنوورییەکان بەمەبەستی بەدووربوون لە هەر کێشە و گرفتێک لە پێشکەوتنی کارە بازرگانییەکان و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە لە ناکاو روودەدەن لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی کێشی زیادەی بارهەڵگرەکان بە مەبەستی پاراستنی ڕێگاوبانەکان.
ئەوەشیان خستەڕوو کە سەبارەت کارئاسانی بۆ گەشتیاران و کاڵاکانیان لە رێگەی بەرنامەی ئەلیکترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری رێککەوتوون، هەروەها سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پابەندبوون بە ساڵنامەی کشتوکاڵی بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییش رێککەوتن.