فراوانكردنی دۆستایەتی و زامنكردنی كاریگەری
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزدەنرخێنێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە جموجوڵە سیاسییەكانی دەدات كە ئامانج لێی گەڕاندنەوە و چەسپاندنی پێگەی حزبەكەیەتی لە نەخشەی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فراوانكردنی بازنەی دۆستایەتی لەنێو هەرێمی كوردستان و سەرتاسەری عێراق، ئەوەش لەڕێی چڕكردنەوەی پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ بكەرانی سیاسی لە گۆڕەپانی عێراق لە پێگە جیاوازەكانی دەسەڵات و بیروڕا جیاوازە حزبییەكان و ئاراستە سیاسی و ئایدۆلۆجییەكان، وەك ئەوەی رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە.

رۆژنامەكە دەشڵێت، زنجیرەی ئەو دیدارانەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی لە بەغداد ئەنجامیدان كۆبوونەوەكانی بوو لەگەڵ هەریەك لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، سەرەڕای دوو دیداری دیكە لەگەڵ نوری مالكی سەرۆكی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆك وەزیرانی پێشووتر و، قەیس خەزعەلی سەركردەی عەسائیب ئەهل لحەق.

دیدارەكان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق، هەروەها سیاسییە دەسەڵاتدار و بەشدارە بەهێزەكان لە دەسەڵاتدا، گرنگییەكی ناوازەی بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق هەیە كە لە ئێستادا بەدەست ناكۆكییەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەناڵێنێت و بەتوندی لێكەوتەی لەسەر دۆخە دارایی و كۆمەڵایەتییەكەی دروستكردووە، بەهۆی ملنەدانی بەغداد لە پێدانی پارەی پێویست بە حكومەتی هەرێم بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی.

عەرەبی لەندەنی نوسیویشیەتی، بافل تاڵەبانی-ی سیاسیی بەئەزموونی كورد ئاستی كاریگەریی پارت و گروپە شیعییەكان لەسەر سیاسەتی حكومەتی عێراق دەزانێت، كە لە بنەڕەتدا لە پشتی مایەوە و بە ژمارەیەكی بەرچاوی وەزیر و كادیرانی ئیداری بەشداری تیاكرد، هەروەك رۆڵی ئەو پارت و گروپانە دەزانێت لە فشار بۆ سەر هەرێم، ئەمەش لە هەردوو دیدارەكەی لەگەڵ مالكی و خەزعەلی رەنگدەداتەوە.

پێدەچێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر گونجاوتر بێت لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ركابەری یەكەمی بە سەرۆكایەتی بنەماڵەی بارزانی، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارت و گروپە شیعییەكان بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ گروپ و لایەنەكان پارێزگارییان لێكردووە، بەراورد بەو گرژی و ناكۆكییە گەورانەی سەركردەكانی پارتی دیموكرات لەگەڵیاندا ئەنجامیدا، كە وایكردووە سەركردە كاریگەرەكانی شیعە سیاسەتێكی توند بەرامبەر هەرێم بگرنەبەر وەك فشارێك بۆ سەر حكومەتەكەی كە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی گرنگترین پۆستەكانیان لەدەستدایە، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، جموجوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی دەریدەخەن کە پاراستنی پەیوەندی باش و كرانەوە بەرامبەر ئەکتەرە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا بەشێکی بنەڕەتی سیاسەتەکەیەتی، کە بە شێوەیەکی کردەیی بەرجەستە بووە لە دامەزراندنی پەیوەندیی پتەو لەگەڵ نوێنەرانی کوردانی ناوچەکە، بە تایبەتی لە سوریا، لەكاتێكدا سەرکردەکانی دیکەی کوردی عێراق خواستی ئەوەیان هەیە مەودایەک لە نێوان خۆیان و هاوزمانەكانیان لەو بەشەدا جێبهێڵن بۆ ئەوەی کێشە لەگەڵ تورکیادا دروستنەكەن، کە هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بە کوردانی سوریا دەگرێتەبەر.

یەكێتیی نیشتمانی لەمیانەی دیداریدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی “دۆخی گشتیی وڵات و هەوڵەكانی حكومەت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر” تاوتوێكرد، جگە لە سووربوونی هەردوولا لەسەر پێویستیی هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی چارەسەری كێشەكان و، پارێزگاریكردن لە سەقامگیریی ناوچەكە.

بافڵ تاڵەبانی لەمیانەی گفتوگۆكانیدا لەگەڵ سودانی ئاماژەی بە هەوڵەكانی شاندی هەرێمی كوردستان كرد بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، ئەوەشی خستەڕوو كە پەنابردنەبەر دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە دوو هۆكاری بنەڕەتین بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان.

دەربارەی پێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانیشی لەسەر عێراق سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، تێڕوانینی حزبەكەی ئەوەیە كە “ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هەروەها وڵات لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو بپارێزرێت”.

رۆژنامەكە ئاماژە بە ناوەرۆكی دیدارەكانی دیكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەركردەی لایەنەكانیش دەكات و بە گرنگییەوە روونیكردوونەتەوە.

ئاماژەشدەدات، جوڵەی سەركردایەتیی یەكێتی بە ئاراستەی بڕیاربەدەستانی سیاسی لە عێراق هاوشێوەی فراوانكردنی ئەو هەنگاوەیە كە بافڵ تاڵەبانی لە هەرێمی كوردستانیش دەستیپێكرد، سەرەتا لەگەڵ ركابەر و هاوبەشی گەورەی حزبەكەی، لەڕێی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ سەركردەكانی پارتی لە سەرەتاكانی تشرینی دووەمی رابردوو بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەردوو جێگری سەرۆكی پارتی. كە بەپێی چاودێران هەنگاوێكی گەورەیە بە ئاراستەی تێپەڕاندنی ناكۆكییە قوڵەكان كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی پێجیادەكرێتەوە، بەمەبەستی چالاككردنی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە دژوارەی رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، لەگەڵ ئامادەسازی بۆ وێستگە سیاسییە گرنگەكان لەنێویشیاندا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێم.

بابەتی پێشتر

دارایی عێراق بڕیاری خەرجكردنی 700 ملیارەكەی دەركرد

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی مافەکانی مرۆڤە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی وەزیران پرسی ئامادەبوونی وەزیرەکانی لە دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمان تاوتوێدەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا کە بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت، پرسی دەرئەنجامی ئامادەبوونی…
Total
0
Share