بڕیاری ئۆپیك بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیان بە عێراق دەگەیەنێت؟

پەرلەمانتارێكی لیژنەی نەوت بۆچوونی خۆی لەسەر كاریگەریی بڕیاری ئۆپیك+ بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر عێراق دەخاتەڕوو.

لە دوا كۆبوونەوەیدا رێكخراوی ئۆپیك+ بڕیاریدا لە ساڵی داهاتووەوە بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە كەمبكاتەوە.

بڕی 1.3 ملیۆنیان درێژكردنەوەی بڕیاری كەمكردنەوەی پێشووە لەلایەن هەریەك لە سعودیە و روسیا، بەوەش بڕیارە نوێیەكە نزیكەی 900 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دەگرێتەوە.

لەو بڕیارەدا عێراق پشكی گەورەی بەردەكەوێت بە كەمكردنەوەی 210 هەزار بەرمیلی رۆژانە، بەدوایدا روسیا دێت بە 200 هەزار بەرمیل و دواتریش وڵاتانی دیكە.

عەلی سەعدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، پاڵپشتیی عێراق بۆ رێككەوتن و بڕیارەكانی كۆمەڵەی (ئۆپیك+) دەربارەی دابەزاندنی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوت، هیچ زیان و زەرەرێكی نییە و كاریگەری لەسەر كاری هیچ دامەزراوەیەكی دەوڵەت نابێت.

وتیشی، “عێراق بڕیاری دابەزاندنی بەرهەمی داوە نەك هەناردە، لەكاتێكدا نەوتی زیادەی هەیە بۆ هەناردەكردن”. ئەوەشی وت، “بڕیارەكە لەپێناو سەقامگیركردنی نرخی نەوتە لە بازاڕەكانی جیهاندا”.

سەقامگیریی بازاڕ و بەرزیی نرخ لە بەرژەوەندیی عێراقە، كە بەشێوەیەكی سەرەكی لە بودجەدا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئەو پەرلەمانتاری وای وت.

جگە لە عێراق، روسیا و سعودیە هەریەك لە وڵاتانی (كوەیت، جەزائیر، ئیمارات و سوڵتاننشینی عومان) پابەندبوونی خۆیان بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان خستوەتەڕوو.

بابەتی پێشتر

کوردێک بووە براوەی خەڵاتی ژنانی پاڵەوانی مافەکانی ژینگە

بابەتی دواتر

سلێمانی.. لە پانێڵێكدا گفتوگۆ لەسەر كێشەی ئاژەڵی بێلانە دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share