وەزارەتی خوێندنی باڵا نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار وەك شایستەی دارایی بۆ دەرچووان و كاندیدانی تواناسازی خەرجدەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لە قۆناغێكی دیكەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بڕی 900،775 هەزار دۆلار بۆ 100 دەرچوو و كاندیدی تواناسازی خەرجدەكات بەپێی لیستی هاوپێچ.
هاوكات د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دڵنیایی بە دەرچووان و كاندیدانی بەرنامەی تواناسازی دەدات، وەزارەتەكەی لەسەر هەوڵەكان بەردەوامدەبێت بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی بۆ سەرجەم دەرچووان و كاندیدانی بەرنامەی تواناسازی و تەواوكردنی پڕۆسەی خوێندنیان بە سەركەوتوویی و گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی خزمەتكردن بە سێكتەری خوێندنی باڵا و زانكۆ و دامەزراوە زانستییەكان و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری دەرچووان و كاندیدانی بەرنامەی تواناسازی دەكات، ئەوانەی خوێندنیان بەسەركەوتوویی تەواو كردووە و ئەوانەشی بەردەوامن لە خوێندن و ناویان لە لیستی هاوپێچ دا هاتووە، سەردانی وەزارەت بكەن بە مەبەستی چەند ڕێكارێكی كارگێڕی و دارایی.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، دەرچووان و كاندیدانی تواناسازی ئەوانەی ناویان لە لیستی هاوپێچ هاتووە پێویستە لە 4ی 12ی 2023 بە دواوە سەردانی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی بكەن لەگەڵ هێنانی ئەم دۆكیۆمێنتانەی خوارەوە:
1) پشتگیری شوێنی كار كە بەردەوامە لە خزمەتی بێپچڕان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەكەی.
2) ئەگەر كاندید (٥) ساڵ خزمەتی كردبوو لە شوێنەكەی، ئەوا پشتگیری 5 ساڵ خزمەت لەگەڵ خۆی بهێنێت.
3) ئەگەر كاندید خۆی ئامادە نەبوو بە هەر هۆكارێك، ئەوا بریكارەكەی دەتوانێت سەردان بكات.
4) ئەگەر كاندید لە كەرتی تایبەت بێت، پێویست دەكات خۆی ئامادەبێت.