قوباد تاڵەبانی: لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغداد گەشبینین و کاری زیاترمان ماوە

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، وەک تیمی دانوستانکاری هەرێم بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە شایستەداراییەکانی خەڵكی هەرێم و لەو پرسەشدا گەشبینن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا لەبارەی سەریساڵی زاینییەوە ڕایگەیاند، “سەرباری لەمپەر و كەشی ئاڵۆز و قورسایی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ بەغداد، گەشبینین و چاوەڕێ دەکەین بە پەرەپێدانی هەوڵەكانمان لەماوەی داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو دەستکەوتی گەورە بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەنگاو بنێین”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە دانوستانەکاندا کاری زۆمان ماوە لە نێویاندا کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدانەوەی تەعریب لە کەرکوک و هەموو ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەها بەدەستهێنانی مافی جوتیارانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عیراقدا”.

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی هەرێمەوە، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، ” هەرێمی  کوردستان هەرگیز ناتوانێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت ئەگەر لەناو ماڵی خۆماندا تەبا نەبین. تەباییش بە سەپاندنی ئیرادەی زۆرینە نایەتە دی، و بە پەیڕەوکردنی سیاسەت و رق و کینە لە دژی یەکتری دروست نابێت، تەبایی بە رێکەوتن لەسەر خاڵە ستراتیژییەکان لە لایەکەوە و بە پەیڕەکردنی کێبەرکێیەکی سیاسی تەندروست لەلایەکەیترەوە دروست دەبێت کە دوور بێت لە شکاندنی کەسایەتی یەکتر و دوور بێت لە تەشهیر کردن بە رەمزەکانی یەکتر، مەترسییەکانی بەردەممان وادەخوازن کە دووربینانە بیربکەینەوە و لە ئێستاوە بکەوینە کاری جدی”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ” وا لە دەسپێكی ساڵێكی نوێداین، 2021، كە ئەویش كاریگەرە بە لێكەوتەكانی كۆرۆنا لەگەڵ كێشە و گرێ و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ هەستیارییەكیتری لە هەناودایە كە وەرزی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو و بەرزبوونەوەی تای كێبەركێ و ململانێی سیاسی و كەسی و تەنانەت تایفی و نەتەوەییەكانیشە لەسەر ئاستێکی فراوان. ئەمە لەكاتێكدایە خەڵكی كوردستان و هەموو عێراق بە گشتی خۆیان هیلاك و ماندووی دۆخی دارایی و ترس و دڵەڕاوكێی ئایندەی خۆیان و خێزانەكانیانن”.

لەبارەی لەبارەی ڕۆڵی فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدادەوە قوباد تاڵەبانی نویسیویەتی، ” ئەرکی هێزە سیاسییەکانە کە هەوڵ بدەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکگرتووتر بن لە پێناو خێراترکردنی چاکسازی و هەروەها لە پێناو بەڕێوەبردنێکی باشتر و شایستەتر بۆ هەموو عیراقییەکان بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشەوە. دەبێت بە کردار ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بسڕینەوە کە حکومەت و دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگە و بەشەکانی تری عیراق پشتگوێ دەخەن”.

 

بابەتی پێشتر

پێکانی کۆتینیۆ شکست بە هاوکێشەی بەرشلۆنە و دیپای دەهێنێت

بابەتی دواتر

مێسی و سوارێز لە یانە و خولێکی دیکە یەکدەگرنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share