وتەبێژی حکومەتی هەرێم رەتیکردەوە داوایان کردبێت رێگری لە چوونی مامۆستایان بۆ شاری بەغداد بکرێت و رایگەیاند، هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئەوانیشە.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هیچ هەوڵێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق نییە بۆ رێگری لە مامۆستایان، وە ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ رێکەوتنی مووچەیە بۆ مامۆستایان و توێژەکانی تر نەک رێگریکردنیان، ئەگەر حکومەتی هەرێم رێگری بکردایە لە بازگەکانی خۆیەوە دەیکرد، چ پێویست بوو لە بازگەکانی عێراقەوە بیکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەسڵەن روونە کە هەوڵی مامۆستایان هەوڵی ئێمەشە، ئێمەش هەمان بۆچوونمان هەیە کە ماف و ئیمتیازاتی مووچە و حەقی خەڵکی هەرێم لای حکومەتی عێراقە”.
پێشتر بەرهەم مستەفا ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاندبوو، لەسەر داوای هەرێم لە بازگەکانی عێراق رێگری لە مامۆستایان کرا بە مەبەستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان بگەنە شاری بەغداد.