پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ بەدووریدەزانێت كەسێكی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆك ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵببژێردرێت، پێشیوایە زۆرێك لە پەرلەمانتاران دوور لە خواستی فراكسیۆنەكانیان دەنگدەدەن.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵەكان بۆ دیاریكردنی پاڵێوراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە بەردەوامە، بەڵام پێشنیاركردنی كەسێكی سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە لە ئێستادا بەدووردەزانرێت، بەهۆی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەڵام دەشێت هەڵبژاردەكان باشتر بێت لەوانەی رابردوو.
خەشان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی ژمارەیەكی بەرچاوی پاڵێوراوان بۆ ئەو پۆستە بخرێنەڕوو و وتی، “باوەڕم وایە زۆرێك لە پەرلەمانتاران دوور لە ئیرادەی فراكسیۆنەكانیان دەنگدەدەن، بەوەش ئەنجامەكان پێچەوانەی پێشبینییەكان دەبن”.
لە 14ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە كۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەتۆمەتی لادان لە “سوێندی دەستووری”، پاش سكاڵای لەیس دلێمی-ی پەرلەمانتاری پێشوو.