ناوەرۆكی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان ئاشكراكرا

كۆبوونەوەی شاندی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی كۆتاییهات و رێكخەری ژووری رۆژنامەوانیی گۆڕان بەشێك لە ناوەرۆكەكەی ئاشكرادەكات.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەفدی باڵای ئەو حزبە سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن چەند بەرپرسێکی بزوتنەوەکە پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوە.

دوای كۆتاییهاتنی دلێر عەبدولخالق، رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا هەر سێ دۆسیەی سیاسی، ئیداری و ئەمنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێكرا، جگە لەو ئالنگارییانەی بەشێوەیەكی گشتی رووبەڕووی ناوچەكە بووەتەوە.

ئەوەشی وت، گفتوگۆكرا لەسەر ئەوەی چۆن هەرێمی كوردستان و هاوڵاتییانی پارێزراو بێت، كورد نەبێتە بەشێك لە بەشبەندی و پارێزبەندی ئەو ململانێیە.

ئەوەش لەڕێی ستراتیژێكی نیشتمانی دەبێت لە بەغداد و ناوچەكە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبكاتەوە، دلێر عەبدولخالق وای وت.

باسی لەوەشكرد، دۆخی ئاشتی، ئاسایش و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا لە مەترسیدایە، حیكمەت ئەوەیە هەموو لایەنەكان بەیەكەوە لەسەر ستراتیژێكی نیشتمانی رێكبكەوین.

رێكخەری ژووری رۆژنامەوانی گۆڕان ئاشكراشیكرد، یەكێك لەو دۆسیانەی بەشێكی گرنگی لە ئەجێندای كۆبوونەوەكە پێكهێنا، پرسی بژێویی ژیان، نەبوونی مووچە و بەتایبەت گرفتی بودجە بوو، هەموو هەوڵەكان دەخرێنەگەر بۆ چارەسەركردنی.

دووپاتیشیكردەوە، مووچەخۆران و مامۆستایان مافی خۆیانە مووچەیان لەكاتی خۆیدا پێبدرێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش رای هەردوو حزبی خستەڕوو بەوەی هەڵبژاردن پرسێكی دیموكراسییە و پێویستە لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەهۆی ئەوەی هەرێم لە فەراغی دامەزراوە شەرعییەكاندایە لە ئاكامی نەمانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە دوو دەزگای گرنگی یاسادانان و چاودێرین بەسەر دامەزراوەكاندا.

بابەتی پێشتر

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە

بابەتی دواتر

راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share