شارەزایەكی یاسایی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی كۆمسیۆن بە نایاسایی ناودەبات و پەرلەمانتارێكی لیژنەی یاساییش رایەكی پێچەوانە دەخاتەڕوو.
لە دانیشتنی ئێوارەی دوێنێدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیاسای هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد، كە بەپێی ناوەرۆكەكەی كاری كۆمسیۆنەكە تا دوای یەكلاكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە.
ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی عێراقی رایگەیاند، بڕیاری پەرلەمان بە درێژكردنەوەی كاری كۆمسیۆن سەرپێچیی دەستوورییە، چونكە بڕگەی دووەم لە ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆ دەڵێت، لە حاڵەتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یان یەكێك لە جێگرەكانی، پێویستە دانیشتنی یەكەمی دوای ئەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك بێت بۆ زامنكردنی هاوسەنگی.
پێشیوایە، بڕیارەكەی شەوی رابردووی ئەنجومەن “سەرپێچییەكی روونە، بەهۆی بازدان بەسەر ئەو ماددەیە و هەنگاونان بۆ پەسەندكردنی بڕیارێك یان یاسایەك، بەمەش بڕیارەكە وەك نەبوو وایە و نەبووش هیچ ئەنجامێكی نییە”.
لای خۆیەوە دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دانیشتنەكەدا داواكارییەك هەبوو بۆ دواخستنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، داواكارییەكە خرایە دەنگدانەوە و بە كۆی دەنگ پەسەندكرا.
وتیشی، “لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران نائاسایی بوو، كە بۆ دانیشتنەكە واژووی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار كۆكراوەتەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە ئەو دوو هۆكارەی سەرەوە یەكلایدەكاتەوە كە بڕیاری درێژكردنەوەی كاری كۆمسیۆن و پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دروستە، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیكردەوە كە دوا بڕیار لای دادگای باڵای فیدراڵی-یە.