لە سلێمانی گفتوگۆ لە بارەی گەڵاڵەکردنی هەفتەیەکی رۆشنبیری بە هاوبەشی لەگەڵ سنە کرا، کە تێیدا چەندین چالاکی رۆشنبیریی لە لایەن نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانی هەردوو شارەکە پێشکەش بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 22ی تشرینی دووەم، محەمەد کوردۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی پێشوازیی لە شاندێکی ئۆفیسی شاری سنە وەکو شاری داهێنەری میوزیکی یونسکۆ کرد.
باس لە ئەوەش دەکات، لە دیدارێکدا کە نوێنەری پارێزگای سلێمانی و ئۆفیسی ئەدەبی یونسکۆ لە سلێمانی و بەڕێوەبەری بەشی کەلەپور و تیپی هونەری میللی سلێمانی ئامادەبوون، گفتوگۆ لە بارەی گەڵاڵەکردنی هەفتەیەکی رۆشنبیری بە هاوبەشی کرا، کە تێیدا چەندین چالاکی رۆشنبیریی لە لایەن نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانی هەردوو شاری سلێمانی و سنە پێشکەش بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، محەمەد کوردۆ ، ئامادەیی تەواوی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بۆ دووپاتکردنەوە بۆ سەرخستنی پرۆژەکە جا لە سلێمانی بێت یان لە سنە و راشیگەیاند چالاکییەکی لەو شێوە ڕەهەندی نێودەوڵەتیشی دەبێت چونکە هەردوو شارەکە لەلایەن یونسکۆوە ناسێنراون.
لەساڵی 2019، سلێمانی وەکو شاری داهێنەری ئەدەبی و سنە وەکو شاری داهێنەری میوزیک لەلایەن یونسکۆوە دەستنیشانکران.