ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی پێنج گروپ و تاقمی مەترسیداری راگەیاند

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی پێنج گروپ و تاقمی تیرۆریستی دا-عش لە هەرێم رادەگەیەنێت، هاوکات سێ ئەمیریش دەستگیردەکرێت و شکست بەمەرامەکانیان دەهێنرێت کە پیلانیان دانابوو لە چەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

لەو بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، “لەبەرئەنجامی بەدواداچوونی ورد و چاودێری دۆخی ئەمنی هەرێم کوردستان زانیاری سەرەتایی دەست هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم کەوت کە تیرۆریستانی دا-عش پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لەچەند شار و ناوچەیەکی جیاجیا”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، “پاش رەزامەندی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، شارەزوور و ناوچە دابڕێندراوەکان ژووری ئۆپەراسیۆن پێکهێنرا و دەستبەکاربوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی هەموو جموجۆڵەکانی تیرۆریستانی دا-عش”.

دەشڵێت، “سەرئەنجام پاش پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام و شەونخونی هێزەکانمان پشت بەستوو بە بەڵگە و زانیاری وردیان لەسەر شانە نەنوستووەکانی تیرۆریستانی دا-عش دەستکەوت و تەواوی جموجۆڵەکانیان لە شارەکانی هەرێم خرانە ژێر چاوێری وردەوە و دواتر ناسنامەی ئەندامانی گروپەکان و شوێن و مانەوەیان دەستنیشانکران”.

سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنەکانیان بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، “دوای رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە دەیان ئۆپەراسیۆندا 55 تیرۆریست کە ئەندامی تۆڕ و گروپە نەنوستووەکانی دا-عش بوون لە کەرکوک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێن دەستگیرکران کە سیانیان ئەمیر و تیرۆریستی هەرەتاوانبارن”.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، “لە سەرجەم هەڵمەتەکاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەک و مەوادی تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی تەواوی ئەندامانی تاقم و گروپە تیرۆریستییە دەستگیرکراوەکانیش مەرامیان بوو دوای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو چەکدارانی دا-عشەوە، هاوکات لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان و هەستیاری کەیسەکە، بەشێک لە زانیارییەکان بە شاراوەیی هێڵرانەوە”.

بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، “ئاشکراکردنی ئەم پێنج شانە نەنوستووەی تیرۆریستانی دا-عش و شکستهێنان بە مەرامەکانیان و دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان، بەرئەنجامی زیاتر لە 150 رۆژ کارکردنی بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمە کە هەمیشە ئامادەییان هەیە و لە هەوڵدان بۆ پاراستنی ئارامی هەرێم”.

ئاماژە بەوەش دەکات، “ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان لەپێشینەی کارکردنی هێزەکانمانە، وەک هەمیشە سوپاسی بێ پایانیش ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە  هاوکارمان بوون و لە پشت سەرخستنی کردە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانمانەوەن، پشتیوان بە خوای گەورە، بە هاوکاری ئێوەی دڵسۆز ناهێڵین هیچ پیلانێک ژیان لە خەڵکی خۆشەویستی خۆمان تێکبدات”.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە بەرپرسێکی یونامی کرد

بابەتی دواتر

سەرۆکی نەمسا لە سەگەکەی سەرۆکی مۆڵدۆڤا خۆش دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share