دەوامی رۆژانی هەینی و شەممە بۆ فەرمانگەیەكی حكومی زیادكرا

بە بڕیاری وەزیری دارایی عێراق دەوامی فەرمانگەی بودجەی سەر بە وەزارەتەكە لە رۆژانی هەینی و شەممە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.

بڕیارەكە ئەمڕۆ لەلایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەر، جێگر و بەرپرسی بەش و هۆبەكانی فەرمانگەكە دەرچوو.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی ئامانج لە بڕیارەكە، كە تا كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، تەواوكردنی ئەو مامەڵانەیە كە ئاراستەیان كراوە، سەرەڕای تەواوكردنی گواستنەوە و تەرخانكردنی قەرەبووی شەهیدان و برینداران و گواستنەوەی میلاك لەنێوان دامەزراوەكاندا.

یەكێكی دیكە لە كارەكانی فەرمانگەكە پەلەكردن دەبێت لە چاككردنی ئەو كورتهێنانەی لە مووچەی وەزارەت، پارێزگا و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەتەكاندا هاتووەتە ئاراوە، پشت بەست بەو داواكارییانەی رۆژانە پێیان دەگات، دوابەدوای ئەنجامدانی وردبینی تیایاندا، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share