ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و چەند پرسێک لەوانە ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندی حکومەتی هەرێم تاوتوێدەکات.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25_ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.
باسیلەوەش کرد، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا پەسەند کران و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنیان دەخرێتە ڕوو.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە میوانداریکردنی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خستنەڕووی دوادەرەنجامی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم، سەبارەت بە داهات و خەرجییەکان و میلاکی گشتی لە هەرێمی کوردستان.