بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە یاوەریی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی، سەردانی دكتۆر ئەرسەلان بایز، سەركردەی دیار و تێكۆشەری یەكێتی و كوردستانی كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ ستایشی رۆڵ و پێگەی تێكۆشەرە دێرینەكانی یەكێتیی كرد كە مێژوویەكی پرشنگداریان لە خەبات بۆ سەرفرازیی كوردستان تۆماركردووە، لە ناویشیاندا دكتۆر ئەرسەلان بایز كە یەكێكە لە سەركردە بە ئەزموون و تێكۆشەرەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و خاوەنی رابردوویەكی درەوشاوەیە.
لەبارەی سیاسەت و ستراتیژی یەكێتییەوە بۆ خزمەتی كوردستان و خەڵكە خۆشەویستەكەی، سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “پشتبەستوو بە دڵسۆزیی خەڵكەكەمان و لێهاتوویی سەركردە دێرینەكانمان، بە ئەوپەڕی تواناوە هەوڵ بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵك و داهاتوویەكی پرشنگدار بۆ هەرێمەكەمان دەدەین”.