تا دێت بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاردا بەهاکەی لەدەستدەدات، پسپۆڕێکی بواری ئابوری هۆکارەکانی ئاشکرادەکات.
د. نەبەرد کەریم، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری دارایی و ژمێریاریی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کەمی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، ئەگەر خستنەڕوو زیادبکرێت و دۆلاری کاش لە بازاڕدا زۆربێت و هاوڵاتییان و بازرگانان بە ئاسانی بەدەستی بخەن، بەهاکەی دادەبەزێت”.
ئاماژەی بە ئەوەشکرد، “یەکێکی دیکەی هۆکارەکان بەقاچاخبردنی دۆلارە بۆ ئەو وڵاتانەی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان وەک ئێران و تورکیا و سوریا و روسیا و لوبنان”.
بەبروای د. نەبەرد کەریم، ”ئەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن دۆلاری کاش لە بازاڕەکانی عێراقدا نەماوە و بانکی ناوەندیی عێراق داوای دۆلاری کاشی لە بانکی نێودەوڵەتی کردووە، وایکردووە دڵەڕاوکێی زۆرتر لە بازاڕەکاندا دروست ببێت و هاوڵاتییان پەنا بۆ کڕینی دۆلار ببەن، ئەوەش وایکردووە بەهای دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکی پێشووی حکومەتی عێراق بەهای دۆلار لە 118 هەزار بۆ 145 هەزار دینار بەرزکردەوە، قازانجێکی باشی بە حکومەت گەیاند، چونکە ئەوکاتە دۆلار لە بانکی ناوەندی بەهاکەی 145 دینار بوو لە بازاڕدا بە 147 هەزار دەستدەکەوت و داهاتێکی باشی پێبەدەستهات، بەڵام لەم سەردەمەی سودانیدا زیانێکی زۆری بە حکومەت گەیاندووە و سودی بە حزبەکان گەیاندووە، چونکە لە بانکی ناوەندی بە 130 هەزار دینارە، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا ئەو نرخە سەرووی 160 هەزار دینارە“.
ئەو شارەزایەی بواری دارایی و ژمێریاری پێشبینی دابەزینی بەهای دۆلار لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەکات و دەڵێت،”پێشبینی دەکەم لەسەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی دۆلار هەتا رادەیەک جێگیر ببێت، بەوپێیەی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆلار دەگۆڕدرێت و هەموو مامەڵەکان بەپێی بڕیاری بانکی ناوەندی بە دینار ئەنجام دەدرێن، ئەوکاتە خواست لەسەر دۆلار کەمدەبێتەوە و نرخەکەی جێگیر دەبێت”.