لیژنەی دەسپاکیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نیازە کێشەی زۆری رسووماتی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بخاتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنەکەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە.
جەمیل ئەلحەدیدی، ئەندامی لیژنەی دەسپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، “قسە و باسێکی زۆر هەیە سەبارەت بە پڕۆژەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و ئەو ڕسووماتە زۆرەی کە بەسەر هاووڵاتییاندا سەپێندراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “لیژنەکەمان لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق بۆی دەرکەوتووە کە ئەو گرێبەستە لە سەردەمی وەزیری ناوخۆی پێشوودا ئەنجامدراوە”، دەشڵێت، “ئەو باجانەی لەسەر پێدانی ئەم پاسپۆرتە بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێندرێت نایاسایین، چونکە دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە یاسای بۆ دابنرێت.”
ئەوەش لەکاتێکدایە، بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی پێویستە هاووڵاتی بڕی 91 هەزار دینار وەک رسوماتی جێبەجێکردنی کارەکانی بدات بە حکومەت، هاوکات پێشتر بۆ ئەو مەبەستە نزیکەی 30 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرا.