پەرلەمانتارێكی بەشداربووی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی حكومەتی هەرێم و پەرلەمان دەڵێت، جێبەجێكردنی یاسای قەرز سێ ڕۆژی ماوە و بەهۆیەوە “پێناچێت” بەغداد هیچ پشكێكی دیكە بۆ هەرێم بنێردرێت، سەبارەت بە بودجەی ساڵی داهاتووش دەڵێت، یەكلاكردنەوەی لەبەردەم بڕیاری پەرلەمانی عێراقدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی کانونی یەکەم شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد بەمەبەستی خستەڕووی وردەكاری سەردانەكەیان بۆ بەغداد و ئەنجامەكانی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان و لیژنە پەیوەندیدارەکان.
دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنهى كاروبارى یاسایى پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەوەی لە ئەنجامی سەردان و دیدارەكانی شاندی حكومەت لێی دەخوێندرێتەوە ئەوەیە كە “كۆبوونەوەكانی بەغداد هیچ بەرهەمێكی بۆ خەڵكی كوردستان نەبووە”.
وتیشی، “سەبارەت بەو سێ مانگەی بەشە بودجەی هەرێم كە تائێستا نەهاتووە و بۆ هەر مانگێك 320 ملیار دینارە، یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن) تەنها سێ ڕۆژی ماوە، ئەگەر تا سێ ڕۆژی داهاتوو پارەكە نەگات یاساكە بەسەردەچێت و پێشموایە پێناچێت بنێردرێت”.
سەبارەت بە بودجەی ساڵی 2021یش عەباس فەتاح وتی، “ڕوونە كە لە پرۆژەیاساكەدا بەشە بودجەی هەرێم چۆن لەلایەن حكومەتەوە دیاریكراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا لەلایەن پەرلەمانەوە وەكخۆی پەسەنددەكرێت یان گۆڕانكاری بەسەردێت”.
“ئەگەر وەك خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت بۆ هەرێم خراپ نابێت، بەڵام ئەگەر وەك خۆی نەمێنێتەوە و دەستكاری بكرێت ئەوكات دەبێت چاوەڕێ بكەین لە مانگی داهاتوودا چی بەسەر پرۆژەكەدا دێت” وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە وتی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پرۆژەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت، حكومەتی هەرێم بەڵێنیداوە 250 هەزار بەرمیلەكە ڕادەستی سۆمۆ دەكات تا كۆمپانیاكە خۆی نەوتەكە بفرۆشێت لەگەڵ ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی ناوخۆ.
جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمان دۆخی ئێستای نێوان هەرێم و ناوەندی بە “بیانوگرتن لە یەك” ناوبرد و وتی، “هیوادارم نەوەی داهاتوو و خەڵكی كوردستان لەم ململانێ و كێشمەكێشە سیاسیەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان چیتر زەرەمەند نەبن”.
هەرێم ئامادەیە نەوت ڕادەستبكات نەك داهاتەكەی
پێشتر عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان كە یەكێكی دیكەبوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وتی، جەختمان لەسەر ڕادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت کردەوە، “جێگری سەرۆکی حکومەت شەش جار وتی: بودجە پەسەندکرا ڕاستەوخۆ 250 ھەزار بەرمیل نەوتەکە ڕادەستدەکەین و وتی: بەرپرسم لەم قسەیە”.
عەلی حەمەساڵح ئاشكراشیكرد، داوامانکرد بە نوسراوێکی فەرمی ئامادەیی ھەرێم بۆ ڕادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیلەكە نەک داھاتی نەوت، بدرێتە پەرلەمانتارە کوردەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
یاسای بودجە كەی پەسەند دەكرێت؟
ئەمڕۆ بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، تائێستا پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 نەگەیشتووەتە پەرلەمان و، چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بگات.
بەشیر حەداد پێشبینی ئەوەشیكرد سەرەتای مانگی داهاتوو خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاساكە بكرێت و دواتریش خوێندنەوەی دووەم و تیایدا پێشنیاری لیژنە پەیوەندیدارەكان زیاددەكرێت، لەمەشدا گۆڕانكاری و گفتوگۆی زۆر لەبارەی بڕگە و مادەكانی یاساكە دەكرێت.
هەروەك ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەری هەیە هەمواری پرۆژەكە بكرێت وەك كەمكردنەوەی تێچوو یان گواستنەوەی مادەكان یاخود داواكردن لە حكومەت بۆ هەمواری هەندێك لە بڕگەكان.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران پێشبینی ئەوەشیكرد تاوتوێكردنی پڕۆژەكە تا پەسەندكردنی نزیكەی 20 ڕۆژ تا مانگێك بخایەنێت.
لە 9ی کانونی یەکەم شاندێکی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی بەغدادیان کرد، دوای دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت، لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانی عێراق شاندی حكومەت ڕایگەیاند کە لەگەڵ بەغداد لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی داهاتوودا ڕێککەوتوون.
ڕۆژی 22ی کانونی یەکەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، قوباد تاڵەبانی وتی، توانیمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند بگەینە ڕێككەوتن دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 کە ڕێژەی بودجەی هەرێم دیاریكراوە دوای دەركردنی خەرجییەكان و بودجەی حاكیمە و سیادی كە “كەمترە لەوەی پێشبینیمان دەكرد و بە مافی خۆمانی دەزانین و بڕەكەشی 12.67%ە كە پێشتریش لە پرۆژەكانی ڕابردوودا هەبووە”.