لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی یەکێتی کردووە، سەرۆکی کۆمەڵ رایدەگەیەنێت، “ئومێدم وایە دوای كۆنگرە دڵسۆزانە كاروباری ئۆرگانەكانتان ڕێكبخەن”.
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “بەبۆنەی بەستنی پێنجەمین كۆنگرەتانەوە، بهناوی خۆم و سهركردایهتیی كۆمهڵی دادگهریی كوردستانهوه پیرۆزباییتان لـێ دەكەم، هیوادارم ئەم كۆنگرەیەتان وێستگەیەكی گرنگ بووبێت بۆ چاوبەخۆدا گێڕانەوەتان و نەخشە و بەرنامەی باش دانانتان بۆ داهاتوو”.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، “ئومێدم وایە دوای كۆنگرەش دڵسۆزانە و واقیع بینانە كاروباری ئۆرگانەكانتان ڕێكبخەن، هەوڵبدەن یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان وەخۆگری تێكڕای ئەندامانی بێت، لەسەر بناغەی تەبایی و هاوكاریی لەگەڵ نێوخۆ و دەرەوەیدا”.
دەشڵێت، “مام جەلال بەرهەم و كەلەپوورێكی دەوڵەمەندی بۆ بەجێهێشتوون، پێویستە ئێمە و ئێوە و سەرجەم لایەنەكانی دیكەش دڵنیابین، بەبێ ئیمان و چاودێریی خوا بەسەر خۆمانەوە، عەقڵی گەورە، دڵی فراوان، ڕەوشتی پەسند، دڵسۆزیی، پەرۆشی و خەمخۆریی بۆ خەڵك بەبێ جیاوازیی، لەئاستی بهرپرسیارێتی بهرامبەر بە خەڵكدا نابین، لەسەر پێگە و پۆست و ناونیشانەكانمان قەرزدار دەبینەوە”.