فریدریک چیێردینک نووسەر و رۆژنامەنووسی هۆڵەندی رایدەگەیەنێت، هاوکاریکردنی نێوان یەکێتی و هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا مایەی شانازییە و شتێک نییە کە شەرمەزاربن پێی.
فریدریک چیێردینک لە وتارێکدا کە لەبارەی بۆردومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، “بێدەنگی پارتی گەورەترین مانای هەیە لەم رووداوەدا، پارتی بە تەواوی هاوکاری تورکیا دەکات و هەردوولایان بەرپرسیارن بەرامبەر ئەو هێرشە درۆنییەی کە ئەندامانی دژەتیرۆری یەکێتی تێیدا بوونە قوربانی، پارتی تورکیا دەهێنێتە خاکی عێراقەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “با لێرەدا پرسیارێ بکەین، چی دەبێت ئەگەر یەکێتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو فڕۆکەخانە بچوکەی عەربەتیان بەکارهێنابێت بۆ مەشقکردن بە هێزەکانیان لە شەڕی گرنگی دژ بە تیرۆردا؟ ئایا کوردەکان بۆیان نییە لە خاک و چیاکانی خۆشیاندا ئەمە بکەن؟ واقعی سیاسی و دیبلۆماسی داوادەکات کە ئەم کارانە دەبێت بە بێدەنگی بکرێت، بەڵام هاوکاریکردنی یەکتری نێوان کوردەکانی یەکێتی و هێزەکانی رۆژئاوا لە شەڕی دژ بە تیرۆردا مایەی شانازییە و شتێک نییە کە شەرمازاربن پێی”.
ئەو رۆژنامەنووسە لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاشکرایکردووە، ” لە ماوەی ساڵانی رابردوودا یەکێتی و هێزەکانی هەسەدە پەیوەندییەکی باشیان دروست کردووە، ئەوان سەردانی یەکتردەکەن و هاریکاری یەکتردەکەن لە شەڕە هاوبەشەکەیان دژ بە تیرۆر، ئەمە شتێکی شاراوە نییە کە ئەندامانی هەسەدە سەردانی ناوچەی یەکێتی دەکەن بۆ ئەنجامدانی مەشقی هاوبەش وگفتوگۆکردن”.
باسیلەوەشکردووە، “هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئەوە پیشان دەدات کە یەکێتی لە لایەن تورکیاوە گۆشەگیرکراوە، تورکیا گەشتی فڕۆکەی لەگەڵ سلێمانی قەدەغە کردووە، چونکە لە چاوی تورکیاوە یەکێتی بە پێی پێویست هاوبەشی ناکات لە شەڕی دژ بە پەکەکە، تورکیا دەیەوێت بە بۆمب و درۆن یەکێتی ملکەچ بکات”.