وتەبێژی بازاری دراوی سلێمانی: بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی عێراق بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێنێت

وتەبێژی بازاری دراوی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی عێراق كە دەبێت لە ساڵی نوێوە مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەكان بە دینار بێت لە بری دۆلار كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەبێت و دەشڵێت، “چاوەڕواندەكرێت بەهای 100 دۆلار بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە لە نزیكەی 145 هەزار دیناردا جێگیربێت”.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ساڵی داهاتوو مامەڵە بازرگانییە ناوخۆییەكان بە دینار دەبێت نەك دۆلار لە هەمانكاتدا دابینكردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بەردەوامدەبێت كە یەك دۆلار بە 1320 دینار لە بانكی ناوەندیی دەفرۆشرێت.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی كاریگەری لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەبێت و پێشتریش بڕیاردرا كە سەرجەم مامەڵەی كڕین و فڕۆشتنی خانوو و ئۆتۆمبێل لە بری دۆلار بكرێتە دینار، بەڵام ئەو بڕیارە لە هەرێمی كوردستان كاری پێنەكرا.

بە بڕوای وتەبێژی بازاڕی دراوەكەی شاری سلێمانی، خواست لەسەر دۆلار كەمدەكات ئەگەر بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی عێراق جێبەجێبكرێت و ئەو كات تەنها بازرگان و گەشتیار پێویستیان بە دۆلار دەبێت و پێشبینیدەكرێت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەش بەهای 100 دۆلار بگاتە نزیكەی 145 هەزار دینار و لەو نرخەدا جێگیربێت.

بابەتی پێشتر

عەلی رەشید: لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا باس لە گەڕاندنەوەی مووچەی ئەندامانی ئەنجومەن نەكراوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی عێراق زانیاریی نوێ لەبارەی دۆخی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share