وردەكاری كۆبوونەوەی قائانی لەگەڵ سەركردەی گروپەكانی حەشدی شەعبی ئاشكرادەكرێت

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران

فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران چەند بڕیارێكی بە گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە لەمیانەی سەردانە چاوەڕواننەكراوەكەی ئەمدواییەی بۆ بەغداد، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكانی سەردانەكە.

گروپە چەكدارییەكانی شوێنكەوتەی ئیران لە عێراق بە قۆناغێكی قورسدا تێدەپەڕن، لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە 3ی كانونی دووەمی ڕابردوو.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە وردەكاری سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران وتی، “بەرپرسە ئێرانییەكە لە بەغداد لەگەڵ سەركردەی چوار لە گروپە چەكدارییەكان كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون ئامادەبن بۆ هێرشكردنەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق لەكاتێكدا ئەگەر ئێران لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە بكرێتە ئامانج”.

سایتی (ئەلحوڕە) لەسەر زاری ئەو سەرچاوەیەوە ئاشكراشیكرد ئەو چوار سەركردەیە هەریەك لە قەیس خەزعەلی، سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق و شبل زەیدی، ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی ئیمام عەلی و ئەحمەد حەمیداوی، سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵا و ئەكرەم كەعبی، سەركردەی گروپی نوجەبا بوون، كە سەرجەمیان لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكاندان.

ئەو گروپە چەكدارانە ماوەی پێنج ڕۆژە بارەگاكانیان لە بەغداد و ئەودوای شارەكانی دیكەی عێراق چۆڵكردووە

هەروەك سەرچاوەیەكی سیاسی ناو دەستەی حەشدی شەعبی ئاشكرایكردووە كە ئەو گروپە چەكدارانەی لەسەرەوە ناویان براوە ماوەی پێنج ڕۆژە بارەگاكانیان لە بەغداد و ئەودوای شارەكانی دیكەی عێراق چۆڵكردووە، لە ترسی ئەگەری هەر هێرشێكی ئەمریكی بۆ سەریان.

سەردانەكەی قائانی توندترین هێرشی لە 10 ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بەدواداهات لەڕێی نزیكەی 21 موشەكی كاتیۆشاوە، بەڵام هیچ زیانێكی مرۆیی لێنەكەوتەوە.

ئەو هێرشەی یەكشەممەی ڕابردوو هاوكات بوو لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كە لە 3ی كانونی دووەمی ڕابردوو لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغداد كوژران.

پاش بۆردومانەكەی ناوچەی سەوزی بەغداد ژمارەیەك گومانلێكراوی پەیوەندیدار بە هێرشەكە كە لەنێوانیاندا سەركردەیەكی دیاری عەسائیبی ئەهلی حەق هەیە دەستگیركران و بەهۆیەوە ئێوارەی هەینی چەكدارانی ئەو گروپە لە چەند شەقامێكی بەغداد دەركەوتن بۆ فشاردروستكردن بەمەبەستی ئازادكردنی.

بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئازادكردنی ڕەتكردەوە و سەركوەزیرانیش لە تویتێكدا ڕایگەیاند كە حكومەت ئامادەی ڕوبەڕوبوونەوەیە ئەگەر پێویست بكات.

بابەتی پێشتر

بۆکسین دەی.. ئەمڕۆ یەکشەممە پریمەرلیگ بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

ستراتیجی ڕیاڵ مەدرید.. لە گواستنەوەکانی زستانەدا تەنها داوای سێ یاریزان دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share