سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بە هیچ جۆرێک هەڵبژاردن لە کەرکوک دواناخرێت و خۆپیشاندانەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەری نابێت.
سەباح حەبیب نوێنەری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن لە پارێزگای کەرکوک دوورن لە راستییەوە، ئەم جۆرە پروپاگەندانە ئەو لایەنانە بڵاویدەکەنەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیان نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “خۆپشاندانەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن و لایەنە سیاسییەکان نەبووە، بۆیە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و بە هیچ شێوەیەک دواناخرێت”.
ئاشکرایشیکرد، “تا ئەمڕۆ هیچ لایەنێک داوای دواخستنی هەڵبژاردنی نەکردووە و هیچ کۆبوونەوەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامنەدراوە”.