ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچە و شایستەی خۆیان وەربگرن و دەشڵێت، “پێویستە چارەسەری مووچەی مانگەكانی 7 و 8 بكرێت دواتر بیر لە مووچەی مانگەكانی 9، 10 و 11 بكرێتەوە”.
لە راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا هاتووە عێراق بڕیاریدا بە شێوازی قەرز، تەنها بڕی 500 ملیار دینار لە مانگەكانی 9، 10 و 11 خەرجبكرێت، لە كاتێكدا لە دوای مانگی 6-ەوە، هیچ بڕە پارەیەك بۆ مووچەی مانگەكانی 7 و8 خەرجنەكراوە.
باڵانبۆ محەمەد ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دەبێت حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ و ئەو نەوتەی لەدەستی خۆیدایە مووچە دابینبكات و هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجبكرێت و ناكرێت فەرمانبەری هەرێم لەئەركدا بێت و مووچەی پێنەدرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێویستە حكومەتی هەرێم چارەسەری مووچەی مانگەكانی 7 و 8 بكات و دواتر بیر لە مووچەی مانگەكانی 9، 10 و 11 بكاتەوە كە ئەوەش بەشێكی دەكەوێتە ئەستۆی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغداد.