قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ چۆ كیجۆنگ، كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێم رایگەیاند، “لەم قۆناغەدا كورد و هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هەڕەشە و ئاڵنگاریی مەترسیداربووەتەوە و ئەگەر بێتوو كورد یەكگرتوو نەبێت، بەرگەی هەڕەشە و مەترسییەكان ناگرێت”.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە، 6ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ئەركەكەی لە هەرێم وەك كونسوڵی گشتی، قوباد تاڵەبانی ستایشی چۆ كی جۆنگی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا رۆڵی گرنگی بینیووە لە بەرەوپێشبردن و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كۆریای باشوور. هەروەها سوپاسی حكومەتی ئەو وڵاتەشی كرد كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، بەشدارییەكی گرنگ و كارای هەبووە لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و عێراق.
لەلای خۆشییەوە كونسوڵی كۆریای باشوور سوپاسی قوباد تاڵەبانی و نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا لە هەرێم بە بەردەوام هاوكار و یارمەتیدەری بوون لە راپەڕاندنی كاروبارەكان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان كرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەرێمی كوردستان و كورد بە گشتی لە چەندین لایەنەوە رووبەڕووی فشار و مەترسيی گەورە بوونەتەوە، بەم دۆخەی ئێستاوە كە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە ناكۆكی و ململانێیەكی ناتەندروستدان، ئەستەمە كورد بەرگەی ئەو فشار و مەترسییانە بگرێت.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، تەنها بژاردەی بەردەم كورد و هەرێمی كوردستان لەم دۆخە قورسەدا ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سیاسەتی حەكیمانە و ژیرانە و سەرەتا كێشە ناوخۆییەكانی ناو ماڵی كورد بە خێرایی چارەسەر بكەین، تا بە یەكگرتوویی و یەكڕیزییەوە رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەكان ببینەوە، هۆشداریشی دا ئەگەر یەكگرتوو نەبین، دەدۆڕێین و رۆژانێك دێت هەموو لایەكمان پەشیمان دەبینەوە كە بۆچی ئەو كەمە دەرفەتەی ماوە لە دەستمان دا و نەمانتوانی بەسەر كێشەكانی ناوخۆماندا زاڵبین.