سەنتەری میترۆ: سوپای توركیا دەست لە خەڵكی مەدەنی ناپارێزێت

سەنتەری میترۆ بە توندی سەركۆنەی هێرشكردنە سەر تیمێكی رۆژنامەنوانی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی دەكات، داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەن بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا.

سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “دوێنێ فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی سوپای توركیا، لە نزیك گوندی تل شیر لەسەر رێگای قامیشلۆ- عامودا، ئۆتۆمبێلی دەزگایەكی راگەیاندنی بۆردومان كرد و لەئەنجامدا كارمەندێكی تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەناوی (نەجمەدین فەیسەڵ)، گیانیلەدەستداوە و رۆژنامەنووسێكی هەمان كەناڵ كە لەناو یەك ئۆتۆمبێلدا بوون بریندار بووە”.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “ئەمە یەكەم جار نییە هێزی ئاسمانی توركیا هێرشدەكاتە سەر هاوڵاتییانی سڤیل لە (13ی تشرینی یەكەم 2019) فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا كاروانێكی خەڵكی مەدەنییان لە سەرێكانی لە هەرێمی جزیرە كردە ئامانج، لەو هێرشەدا 11 كەس شەهیدبوون و 74 كەسیش برینداربوون، لە ئەنجامی ئەو هێرشە (سەعد ئەحمەد) پەیامنێری ئاژانسی فورات شەهید بوو و حەوت رۆژنامەنووسی دیكەش برینداربوون، لە ناو ئەو كاروانەدا چەند رۆژنامەنوسێكی بیانیش بریندار بوون، بۆردومانەكەی 11ی ئاب لە نێوان ناڵپارێز و پێنجوێنی هەرێمی كوردستانی عێراق بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێك ، كە سێ سەرنشینی تێدا بوو هەرسێكیان گیانیان لە دەستدا”.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی میترۆدا باسلەوەکراوە، “لەو هێرشانەدا بە هیچ شێوەیەك رەچاوی (رێككەوتنی ژنێف ساڵی 1949) نەكراوە كە هەموو بڕگەكانی باس لە پارستنی مافە بنەرەتیەكانی مرۆڤ دەكات لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییە و بەشدارنین تیایدا”.

 

بابەتی پێشتر

كادرێكی یەكگرتوو لە زاخۆ "رفێندرا"

بابەتی دواتر

ئامارێک: یەک ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندن و خواردن و تەندروستی بێبەشن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share