كەشناسیی هەرێم رایدەگەیەنێت، شەپۆلەكانی گەرما كۆتاییان هات و كەشوهەوا فێنك دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ھەفتە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ژێر كاریگەریی شەپۆلێکی گەرمای بەھێزدا بوو، بەرزترین پلەکانی گەرما تا ئاستێکی پێوانەی لە وێستگە جیاجیاکان لەسەر ناوچەکە تۆمارکران، دوێنێ چوارشەممە دوایین کات بوو بۆ بەرزیی پلەکانی گەرما.
دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا پلەكانی گەرما دەگەڕێتەوە ئاستی ساڵانەی خۆی، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما پلە بە پلە لەمڕۆ پێنجشەممەوە دەستپێدەکات.
كەشناسیی هەرێم روونیشیكردەوە، رۆژی ھەینی زیاتر ھەست بە نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکرێت، دووشەممەی داهاتووش جیاوازیی دابەزین لە پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ئەمڕۆ بە نزیکەیی 6-8 پلە دەبێت و رۆژی سێشەممە تا رادەیەك كەشەكە فێنك دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا پێشبینی ھیچ شەپۆلێکی گەرما لە مانگی نۆ تۆمارنەکراوە، لە کاتی ھاتنی شەپۆلی گەرماش کاریگەریی کەمترە و ماوەی مانەوەی لە رۆژێک تێپەڕناکات و بەمەش شەپۆلەكانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ كۆتایی دێت.