قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتريی سلێمانی بەسەردەكاتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە 14ی ئابی 2023 پڕۆسەی قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتری دەستیپێكرد، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەردانی پڕۆژەكەی كرد و لە نزیكەوە لە چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی كۆڵییەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە شارەوانیی سلێمانی كرد بۆ كارئاسانیكردن و هەماهەنگییەكانی لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار و هەروەها دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیاران و كرێكارانی پڕۆژەكەش كرد كە لە ماوەی رابردوو سەرباری كێشە و كەموكوڕییەكان بەردەوامبوون لە كارەكانیان.

دوای ئەوەی لە كێشە و گرفتەكانی كۆڵییەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و هەموو هەوڵێك دەدەن كەموكوڕییەكان چارەسەربكەن و داواشی لە شارەوانیی سلێمانی و كۆمپانیای جێبەجێكار كرد هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ تا پڕۆژەكە لە ماوەیەكی كورتدا تەواوبكرێت.

شەقامی 100 مەتریی سلێمانی 34 كیلۆمەترە و تا ئێستا 95٪ی كارەكانی پڕۆسەی بڕین و پڕكردنەوەی تەواوبوو و بە گشتیش 55٪ی كۆی پڕۆژەكە تەواوبووە. لە رۆژی رابردووشەوە پڕۆسەی قیرتاوكردن دەستیپێكردووە و بڕیارە لە قۆناغی یەكەمدا 10 كیلۆمەتر قیرتاو بكرێت و دوای تەواوبوونی بڕین و پڕكردنەوەش، قۆناغی دووەمی قیرتاوكردنەكە دەستپێدەكات.

بابەتی پێشتر

گۆتی یاریزانی دێرینی ڕیاڵ مەدرید

بابەتی دواتر

لەبارەی ناردنی مووچە و بودجە لە بەغدادەوە میكانیزمێكی نوێ پەیڕەودەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share