وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو شوێنە گەشتیارییانەی مەترسیی خنكانی هاوڵاتییان و گەشتیارانیان هەیە سەرجەمیان شریتی سووریان لێدەدرێت و دادەخرێن، بەمەبەستی كەمكردنەوەی رووداوەكانی خنكان.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، “دوای زیادبوونی رووداوەكانی خنكانی هاوڵاتییان و گەشتیاران لە رووبار و دەریاچە و زێ و چەمەكان لە وەرزی هاویندا، بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن كە لە ماوەی ڕابردوو هاوڵاتییان و گەشتیاران لێیان خنكاون و مەترسیدارن بۆ مەلەكردن.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و دەستەی پاراستن و چاككردنەوەی ژینگە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دیكە هەڵمەتی ئاگاداركردنەوە و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتییان و گەشتیاران بۆ خۆپاراستن لە مەلەكردن لەو شوێنە مەترسیدارانە دەستپێدەكەن”.
وەزارەتی ناوخۆ داواشی لە هاوڵاتییان و گەشتیاران و كۆمپانیایاكانی بواری گەشتوگوزاركردووە، “پابەند بن بە دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی شریتی سووریان لێدراوە و هێما و تابلۆكانی قەدەغەكردنی مەلەیان لێهەڵواسراوە و ئەو شوێنانە مەترسیدارن و بەهیچ شێوەیەك ناكرێت مەلەیان تێدابكرێت و بۆ مەلەكردن ناشێن و رێگاپێدراو نین”.