بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یەكێك لە گەنجینەكانی سلێمانییەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران ئامادەییە چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەكەن كە خشتەی مووچە رابگەیەنرێت.
هەر لە زانیارییەكاندا هاتووە، هیچ گرفتێك لە ئامادەكردنی لیستی مووچە نییە و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە گوایە گرفت لە لیستی مووچە هەیە دوورە راستییەوە و چاوەڕوانی بڕی پارەی پێویست دەكرێت بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، راگەیەندرا بەغداد بڕی 598 ملیار دیناری وەك بەشێك لە پشكی هەرێمی كوردستان نارد، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش راگەیاندووە، بۆ دابەشكردنی مووچە پێویستمان بە 912 ملیار دینارە و بەغداد واژووی لەسەر ناردنی 598 ملیار دینار كردووە.
هاوكات عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە چاوەڕێی 900 ملیار دیناری كردووە لە بەغداد، بەڵام ئەمڕۆ 598 ملیار دینار نێردراوە و دەبێت بڕێكی كورتهێنانەكە بە داهاتی ناوخۆ پڕبكرێتەوە.