بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کۆبووەوە و جەختکرایەوە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق ئامادەبوون، دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران و گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانە کرد و رایگەیاند، “پابەندبوون بە دەستوور فاکتەری سەرەکی پاراستنی مافەکانی هەموو نەتەوە و پێكهاتەکانی وڵاتە، سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر کێشەکانیشدا پەیوەستە بە کاری پێکەوەیی و هەوڵی دڵسۆزانەی لایەنە سیاسییەکانەوە”.
هەروەها هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوان هێزە سیاسییەکان و گەیشتن بەدیدێکی هاوبەش بۆ کۆی هاوکێشەکان تەوەرکێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند کردەوە بەشێوەیەک کە دەستوور خاڵی یەکلاکەرەوەی چارەسەرکردنی کێشەکان و چەسپاندنی دادپەروەری بێت.