رێكخراوێكی ئەمریكی كە لە دادگاییكردنەكەی شێروان شێروانی ئامادەبوو رایدەگەیەنێت، سزادانەكەی یەكجار نادادپەروەرانە بوو و دەشڵێت، كاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە، دادگا بە سەربازی كرابوو.
جولیان فلۆید، بەرپرسی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی (CPT) ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا چاودێریی 24 پرۆسەی دادگاییكردنی زیندانییانی بادینانیان كردووە و، رۆژی 20ی تەمموزیش چاودێریی دادگایی شێروان شێروانی-یان كرد.
وتیشی، “یەكێك لەو پێشێلكارییانەی چاودێریمان كرد لە پرۆسەی دادگاییكردنی شێروان شێروانی-دا، ئەوەبوو كە بەتەواوی هۆڵی دادگا بە سەربازگە كرابوو، زیاتر لە 15 سەرباز و چەكدار لە هۆڵی دادگاییكردن بە چەكەوە ئامادەبوون، زیاتر لەو ژمارەیە لە دەرەوەی هۆڵی دادگا ئامادەبوون”.
چۆن كەسێك لە ژینگەیەكی ئاوها سەربازیدا، دەتوانێت لەناو هۆڵی دادگادا بەرگری لە خۆی بكات، چۆن كەسێك دەتوانێت هەست بە سەلامەتی بكات لەناو هۆڵی دادگادا كە بەرامبەر خەڵكی چەكدار وەستاوە و ئەو چەكدارانەش ئەوانەن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە، جولیان فلۆید وای وت.
ئەوەشی وت، “ئێمە چاودێریی ئەوەمان كرد كە پرۆسەیەكی یەكجار نادادپەروەری بەڕێوەچوو، پارێزەرانی بەرگریكار نەیانتوانی بەهیچ شێوازێك پەراوی لێكۆڵینەوە، پەراوی دادگا بەر لە پرۆسەی دادگاییكردن ببینن”.
نوێنەری رێكخراوەكە دووپاتیشیكردەوە، ئەوەی ئەوان چاودێرییان كرد “سزادانێكی یەكجار نادادپەروەر بوو”.
راشیگەیاند، حكومەت دادگا بەكاردەهێنێت بۆ سەركوتكردن و ستەمكردن لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی كاری میدیایی.
بەو وتەی بەرپرسی رێكخراوەكە سەرجەم ئەو شاهێد و گەواهیدەرانەی لە دادگا بانگێشتكران، سەرجەمیان بێتاوانییان سەلماند و شاهێدییان لە بەرژەوەندیی شێروان شێروانی دا.
روونیشیكردەوە، “ئومێد بەرۆشكی لە ماڵەكەی خۆیدا رفێندرا و دواتر ئاماژە بەوەكرا بە بڕیاری مەسرور بارزانی ئازادكراوە، كەواتە كە بڕیاری ئازادكردن بە دەست مەسرور بارزانی بێت، بڕیاری دەستگیركردنیش بەدەست مەسرور بارزانی-یە، چۆن دەتوانین بڵێین سیستمێكی دادوەریی سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستاندا ئامادەیی هەیە؟!”.
ئەوەشی باسكرد، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەتوانن خەڵك دەستگیربكەن، بڕفێنن، بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێكی دادگا بەدەستیانەوە هەبێت.