باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد سووتێنرا و وەزارەتی دەرەوە داوای لێكۆڵینەوە دەكات

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد لەلایەن ژمارەیەك خۆپیشاندەرەوە سووتێنرا و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش داوادەكات لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكرێت لەبارەی رووداوەكەوە.

سەدان خۆپیشاندەر لە بەغداد هەڵیانكوتایەسەر باڵیۆزخانەی سوید و ئاگریان تێبەڕدا، ئەمەش دوای ئەوەی حكومەتی سوید رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید، كە ئەنجامدەرانی دەیانەوێت تیایدا قورئان و ئاڵای عێراق بسووتێنن.

ئەو خۆپیشاندانەی رەزامەندی بۆ وەرگیراوە بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ستۆكهۆڵم بەڕێوەبچێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدادی كرد و رایگەیاند، ئەو كارە لە چێوەی پەلاماردانی نێردە دیپلۆماسییەكان و هەڕەشەكردن لە ئاسایشیان دێت.

دووپاتیشیكردەوە، “حكومەتی عێراق رێنوێنی داوەتە دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەكان، بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بەپەلە و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی پێویست، بە ئامانجی ئاشكراكردنی وردەكاریی رووداوەكە و دۆزینەوەی ناسنامەی ئەنجامدانی ئەو كارە و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا بەپێی یاسا”.

دوێنێ سەلوان مۆمیكا-ی سویدی بە رەگەز عێراقی رایگەیاند، رەزامەندیی پۆلیسی وەرگرتووە بە سووتاندنی قورئانێكی دیكە و ئاڵای عێراق، لەمیانەی گردبوونەوەیەك لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم.

بابەتی پێشتر

كۆباس رووبەڕووی هێرشی ئەلیكترۆنی دەبێتەوە

بابەتی دواتر

نانخواردنی بەیانی لەمکاتەدا لە نەخۆشیی شەکرە دەتپارێزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share