لە بەرامبەر دابینكردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە، عێراق نەوتی رەش بەو وڵاتە دەدات بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوانیاندا واژووكرا.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێككەوتن لەگەڵ ئێران كراوە بە پێدانی نەوتی رەش لە بەرامبەر غاز، بڕیارەكە بەردەوامیی دابینكردنی غاز زامندەكات و بەوەش كۆتایی بەو گرفتەی ئێستا دێت.
وتیشی، “هاوردەكردنی غازی ئێرانی دەستیپێكردووەتەوە و بڕەكەی لە ئێوارەی ئەمڕۆوە زیاددەكات و بڕی 10 ملیۆن مەتر سێجا هاوردەدەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بڕی پێشوو و، رێككەوتن لەو رووەوە كراوە”.
بەهۆی ناڕازیبوونی ئەمریكا لەسەر گواستنەوەی پارە بۆ ئێران، لەكاتێكی پێشتردا هەناردەی غاز لەلایەن ئێرانەوە راوەستا، وەك ئەوەی سودانی ئاماژەی پێدا.
دووپاتیشیكردەوە، عێراق سەرجەم شایستەكانی تایبەت بە غازی ئێرانی داوە كە بڕەكەی 11 ملیار دۆلارە و كراوەتە ئەژماری بانكە ئێرانییەكانەوە، هەروەك بڕی 1.8 ملیار یۆرۆ دراوەتە ئێران بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكان لە غاز.
لای خۆیەوە وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، رێككەوتنەكە لەگەڵ ئێران دەبێتەهۆی باشبوونی دۆخی كارەبا.