ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ لە ڤیلینیۆسی پایتەختی لیتوانیا دەستپێدەکات و کۆمەڵێک پرسی گرنگ بە رێکخراوەکە بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ڤیلینیۆسی پایتەختی لیتوانیا لوتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچێت و گرنگترین پرسیش کە چاوەڕواندەکرێت بڕیاری لەبارەوە بدرێت بە ئەندامبوونی سوید و ئۆکرانیایە لە رێکخراوەکە.
لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا تورکیا سوورە لەسەر مەرجەکانی خۆی بۆ قبوڵکردنی سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، لە ئێستادا لێدوانی جیاواز هەیە و پێشبینی دەکرێت لە لوتکەی ئەمجارەدا رازی ببێت بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە، هەرچی ئۆکرانیاشە دەوڵەتانی ئەندامی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان رازین و بەشێکی دیکەیان بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا بە مەترسی ناودەبەن و رازی نین بە داواکەی.
جگە لە پرسی بەئەندامبوونەکان کۆمەڵێک پرسی دیکەی وەک بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا و وەڵامدانەوە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا و بەهێزکردنی گیانی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئەندام بەشێكی دیکە لە لوتکەکە پێکدەهێنن.
لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا بڕیارە ناتۆ پێداچوونەوەیەکی تەواو بە سیسمی بەرگری لە بەری رۆژهەڵاتی بکات و لە لوتکەی ئەم جارەدا گفتوگۆی لەبارەوە بکات.
لە ساڵی 2014 رێکخراوەکە بڕیاریدابوو تێچووی بەرگری بە رێژەی %2 ی کۆی داهاتی ناوخۆیی و نیشتمانیی تا ساڵی 2024 بەرزبکاتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی لیتوانیا داوایکردووە ئەو یاسای بنەڕەتی پەیوەندیی و هاوکارییەکانی نێوان رێکخراوەکە و مۆسکۆ رەتبکاتەوە.
پرسی چین و تایوان بەشێک لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ناتۆ پێکدەهێنێت بە تایبەت کە دەوڵەتانی ئەندام ترسیان هەیە هەمان سیناریۆی ئۆکرانیا دووبارە ببێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ و سبەینێ کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەبێت، لانی کەم بەشێک لەو پرسانەی لە سەرەوە باسکراون بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.