سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەناردەی نەوت دەستپێنەكاتەوە دەبێت هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات و یاسای بودجەش حكومەتی عێراق پابەند دەكات بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەگەر هەناردەی نەوت دەستپێنەكاتەوە دەبێت هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات و بۆ بەرهەمی ناوخۆ بەكاربهێندرێت و بۆ ئەو مەبەستە دەبێت شاندێكی هەرێم سەردانی بەغداد بكات بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم و پرسی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراقدا.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختیكردەوە دەستپێنەكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كێشەیەكە لە نێوان توركیا و عێراق، یاسای بودجەش حكومەتی عێراق پابەنددەكات بە ناردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان و بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەبێت پشكی هەرێم لە بەغدادەوە رەوانەبكرێت و راگرتنی نەوت كێشە بۆ ناردنی مووچە و بودجە دروستناكات.