بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك ئاڕاستەی كۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاوای كوردستان دەكات كە ئەمە دەقەكەیەتی :
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
سڵاوێكی كوردانەتان لێبێت
100 ساڵ لەمەوبەر بەبێ ئامادەبوونی كورد و تەنانەت را وەرگرتنیشی، رێككەوتنامەی لۆزان دژی گەلی كورد واژووكرا، رێككەوتننامەیەك كە سەرەتایەك بوو بۆ لەناوبردنی خەونی لە مێژینەی گەلی كورد و دابەشكردنی خاكەكەمان بەسەر چوار پارچەدا.
بەدرێژایی مێژوو گەلی كورد هەوڵی بۆ برایەتیی گەلان و پێكەوەژیان داوە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بووینەتە قوربانیی زوڵم و ستەمی وڵاتان، هەموو جۆرەكانی توندوتیژیمان بەرامبەر ئەنجامدراوە و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسمان دراوە، بەڵام ئەمە نەك ئێمەی نەسڕییەوە، بەڵكو بە شۆڕش و خەباتی نەبڕاوەی گەلەكەمان لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازی بەهێزتربووین و وەك شاخە سەركەشەكانمان بەپێوە ماینەوە.
ئێستاش دوای تێپەڕینی 100 ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتنامەیە و هەموو ئەو قوربانییانەی بەدرێژایی مێژوو داومانە، دەبێت پەند لە وانە مێژووییەكان وەربگرین و بە رۆحێكی كوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادەبكەین، داهاتوویەك كە تەنها بە یەكێتی، یەكبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بكەین.
پێكەوە لەپێناو كوردستانی گەورە و پاراستنی شوناسمان خەبات بكەین و جیاوازییەكان بخەینە خزمەت ئامانجە باڵاكانەوە، ئەمەش تەنها رێگەیە بۆ ئەوەی وەك میللەتێكی زیندوو و خاوەنماف دەنگمان بە جیهان بگەیەنین و بەرگری لە خۆمان بكەین.
ئامانجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونە و درێژەپێدەری سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلالە، ئەو سیاسەتەی خۆی لە پشتیوانیی كوردان و پشتگیریی خەباتە سیاسی و مەدەنییەكەیدا دەبینێتەوە، سیاسەتێك كە ئامانجەكەی سەربەرزیی كوردان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانە، بۆ ئەمەش روو لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم و دەڵێم راستە ئێمە جیاوازییەكانمان زۆرن، بەڵام زمان و خاكە هاوبەشەكەمان خاڵی كۆكەرەوەی هەموومانە و دەبێت پارێزگاری لێبكەین.
بە هەموو وڵاتانی جیهان و دراوسێكانیشمان دەڵێین شەڕ و ناكۆكی بژاردەی ئێمە نییە و بە هەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە و دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان گەشەپێبدەین و دراوسێیەكی باشبین، بەڵام سازش لەسەر مافە رەواكانمان ناكەین و بەهەموو شێوەیەك بەرگری لێدەكەین، نابێت لەیادیشمان بچێت كە سەرۆك مام جەلال هەمیشە دەیفەرموو، “تاوەكو كێشەی كورد لە رۆژهەڵات چارەسەرنەكرێت، ئاشتی یەكجارەكی لە ناوچەكە بەدینایەت”.
هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان