قوباد تاڵەبانی: حكومڕانییەكی باش حكومڕانییەكە كە بیر لە ژیانی نەوەكانی داهاتووبكاتەوە

پرسی ژینگە وەك پێوەر..

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، “وەك چۆن دایك و باوكێكی دڵسۆز هەموو شتێك دەكەن تا داهاتوو و ژیانێكی باش بۆ منداڵەكان و نەوەكانیان مسۆگەر بكەن، حكومڕانییەكی باشیش حكومڕانییەكە كە بیر لە ژیانی نەوەكانی داهاتوو بكاتەوە”.

راشیگەیاند، حكومڕانییەك بەرامبەر بە نەوەكانی داهاتوو بەرپرسیار نەبێت، بەرامبەر بە ژیانی ئەو نەوەیەش بەرپرسیار نییە كە حوكمی دەكات بە هەمان شێوە كۆمەڵگایەكیش كە بەرامبەر بە نەوەكانی داهاتوو بەرپرسیار نەبێت كۆمەڵگەیەكی تەندروست نییە.

جێگری سەرۆك وەزیران ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمەڵێك لە پسپۆڕان و كەسانی ئەكادیمی لە بواری ژینگە كۆبوومەوە، تاوتوێی پلانەكانی چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ژینگەییەكانمان كرد، لە ماوەكانی داهاتوودا كۆبوونەوەی فراوانتریش لەسەر ئاستی پسپۆڕانی هەرێم و عێراق دەكەین تا بە هەوڵ و هیمەتی هەمەلایەنە بتوانین پرسی ژینگە بكەینەوە ئەولەوییەتی ستراتیژی لە سیاسەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لێكۆڵینەوە ژینگەییەكان پێمان دەڵێن داهاتوویەكی مەترسیدار چاوەڕێی نەوەكانی داهاتوو دەكات، رەنگە ئەم نەوەیە دوایین نەوەبێت بتوانێت پێش بە هەندێك لە كارەساتە ژینگەییەكان و لێكەوتە مەترسیدارەكانی بگرێت، ئەم نەوەیە چ وەك حكومڕان و چ وەك كۆمەڵگە.

جەختیشیكردەوە، لەم سەردەمەدا هیچ حكومڕانییەك حكومڕانییەكی باش نییە ئەگەر پاراستنی ژینگە ئەولەوییەتی ستراتیژیی نەبێت، هیچ كۆمەڵگەیەكیش كۆمەڵگایەكی زیندووی هۆشیاری بەرپرسیارنییە كە بەرامبەر بە ژینگەكەی هەستیارنەبێت و هەر لەم چوارچێوەیەدا سبەی كۆبوونەوەیەكی فراوانتردەكەین بە بەشداریی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و سەرجەم كونسوڵ و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێم تا بە هاوكاریی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست پێكەوە پلانێكی تۆكمەی گشتگیر ئامادەبكەین.

بابەتی پێشتر

سبەینێ هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

بابەتی دواتر

ئەو داهێنەرانە کێن کە بە داهێنانەکانی خۆیان گیانیان لەدەستدا؟.. دواهەمینیان داهێنەری تیتان بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share