دەربەندیخان.. بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون چەند رێوشوێنێك دەستیپێكرد

بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون چەند رێوشوێنێكی پێویست لە قەزای دەربەندیخان دەگیرێتەبەر.

بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی قەزای دەربەندیخان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو كە ئامانجی كۆبوونەوەكە گرتنەبەری ڕێكارەكانی خۆپارێزییە بەرامبەر نەخۆشیی تای خوێنبەربوون كە لە ئێستادا لە هەندێك ناوچە بڵاوبووەتەوە لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك دران لەوانە:-

ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتییان لە رێگەی وتاری جەژن و وتاری هەینیی مامۆستایانی ئایینییەوە لە مەترسیەكانی نەخۆشییەكە و گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی و ڕاسپاردنی شارەوانی بۆ پاككردنەوە و لابردنی پاشماوەی قوربانیكردنی هاوڵاتییان لە ڕۆژی جەژن و لە ڕۆژانی دوای.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، رشاندنی دەرمانی دژە ڤایرۆس و قڕكەری مێروو بۆ سەرجەم دوكانەكانی گۆشتفرۆشی و كوشتارگەی دەربەندیخان و ئاگاداركردنەوەی سەرجەم گۆشتفرۆشەكان و ئەو كەسانەی مامەڵەی راستەخۆیان بە گۆشتی ئاژەڵەوە هەیە كە ڕێكاری خۆپارێزی بگرنەبەر.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر بەرامبەر هەركەسێك كە پاشماوەی قوربانیكردن لە شەقام شوێنە گشتییەكان و قەراغی ڕووباری سیراون فڕێبدەن و نەخۆشخانەی شەهید تۆفیق بە پزیشك و كارمەندانییانەوە لە رۆژانی جەژن و رۆژانی دوای بە 24 كاتژمێری لە خزمەتی هاوڵاتییاندا دەبن.

جەختیشكراوەتەوە پێویستە ئەو كەسانەی ئاژەڵدارن و بەركەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە هەموو كات دەرمانی دژەمێروو بەكاربهێنن بۆ ئەو بەشانەی پێستیان كە بەر ئاژەڵەكە كەوتووە، هەروەها دەستەوانە و پۆشاكی پارێزەر لەكاتی نزیكبووەنەوە لە ئاژەڵی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە بەكاربهێنن.

پێویستە هاوڵاتییان ئاگاداربن لە كڕینی گۆشت و تەنها ئەو گۆشتانەی كە مەرجەكانی سەلامەتی تەندروستی تێدا پەیڕەوكراوە و لە لایەن بزیشكی ڤێتێرنەری رێگەیپێدراوە و مۆری ڤێتێرنەری پێوە بێت بۆ خواردن بەكاربهێنن.

بۆ سەلامەتی زیاتر باشترە ئەو هاوڵاتیانەی قوربانی دەكەن لە كوشتارگە و لە ژێر ڕێنمای تەندروستی كاری قوربانیكردنەكە ئەنجام بدەن.

پێویستە لەكاتی هەستكردن بە نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشك بكرێت.

هاوكات دووركەوتنەوە لەو كەسانەی كە نیشانەكانی ڤایرۆسەكەیان تێدا بەدیدەكرێت، چونكە ڤایرۆسەكە زۆر بە خێرایی لە رێگەی خوێن و دەردراوەكانی لەشەوە بڵاودەبێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حکومەت سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ گرێبەستە گشتییەکان خستە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ گرێبەستە گشتییەکانی حکومەتی هەرێم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی راگەیەندراوێکی…
زیاتر ببینە

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی: خەیاڵتان خاوە، سلێمانی بە پەیامە ژەهراوییەكان نەترساوە و ناشترسێت

بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، كاتێک هەموو شتێک بە…
زیاتر ببینە

فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە عەنكاوە خۆی كێشا بە تاوەرێكی ئینتەرنێتدا و كەوتەخوارەوە

فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە” گردجوتیار” لە ناحیەی عەنكاوە كەوتەخوارەوە. پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە پارێزگای هەولێر گواستییەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە…
Total
0
Share