رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدادی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەكێتی هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ زامنكردنی مووچەی مووچەخۆران و گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و دەڵێت، “خیانەت ئەوەیە كەسوكاری شەهیدان و خانەنشینان بێمووچە بكەیت”.
راشیگەیاند، “دەربارەی ماددەی 14ی پڕۆژەیاسای بودجە، فراكسیۆنی یەكێتی لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران و خانەنشینان و هاوڵاتییان ئەو بڕگەیەی چەسپاندووە كە ئەگەر غەدر لە پارێزگایەك بكرێت راستەوخۆ بەغداد مامەڵە لەگەڵ ئەو پارێزگایە بكات كە ئێمە ئامانجمان خزمەتكردنی خەڵك بووە و رێگانادەین چیتر زوڵم و ستەم لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان بكرێت”.
رابیحە حەمەد پێیوایە، “خیانەت ئەوەیە كە كەسوكاری شەهیدان و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێمووچە بكەیت و ئەوەی یەكێتی ئێستا دەیكات زامنكردنی مووچە و هەوڵدانە بۆ چەسپاندنی بڕگەی تایبەت بە دانەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەدا”.