پەرلەمانتارێك: بەر لە 9ی ئەم مانگە بودجە پەسەند دەكرێت

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە بودجە چاوەڕوانی سازانی سیاسییە و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، بەر لە 9ی ئەم مانگە پرۆژەیاساكە پەسەند دەكرێت.

بڕگە و ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، بەربەستی سەرەكی بەردەم تێپەڕاندن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقە بۆ ئەمساڵ و دوو ساڵی داهاتوو كە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندایە.

رۆژنامەی سەباح-ی نیمچە فەرمی لە زاری سەعد مانع، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێشتر لیژنەكەیان داوای دیاریكردنی وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی كرد، چونكە هیچ شتێك نییە دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە دوابخات.

لیژنەی دارایی پێویستی بە تەنها چەند كاتژمێرێك هەیە لەپێناو ئەنجامدانی هەندێك گواستنەوە، كە نیمچە ئامادەیە و چاوەڕوانی سەرلەنوێ رێكخستنەوەی خاڵ و ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجەیە، وەك ئەوەی سەعد مانع وتی.

دووپاتیشیكردەوە، دواكەوتنەكەی ئێستا تەنها بەهۆی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێمە كە لەنێو لیژنەكەیاندا دەنگی لەسەر دراوە و، پێشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی سازانی سیاسی ببێتەهۆی گۆڕینی ئەو دەنگدانە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، لە 9ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران دەچێتە پشووی یاسادانانەوە، بۆیە پەسەندكردنی بودجە بەر لەو وادەیە دەبێت.

پێشبینیشی كرد رۆژی یەكشەممە یان دووشەممە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە لە ئەنجومەنی نوێنەران دابنرێت.

دوێنێش باسم غەرابی ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، لیژنەكەیان سەرجەم ئەرکە تەکنیکییەکانی خۆی سەبارەت بە بودجە تەواوکردووە و هەماهەنگیش لەگەڵ حکومەت دەکات بۆ ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری لە بودجەدا.

وتیشی، “جێکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە کارنامەی پەرلەماندا چاوەڕوانی رێککەوتنە سیاسییەکانە”.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی باندێكی دزیكردن رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

وەزارەتی تەندروستی: سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵاندا قەدەغەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share