بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بەهۆی پێكدادانی ماتۆڕسكیلێك و ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگای كەلار- خانەقین ماتۆرسوارەكە گیانیلەدەستدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی لەسەر ڕێگای كەلار-خانەقین نزیك گوندی سەوزبڵاخ بەهۆی پێكدادانی ماتۆڕسكیلێك و ئۆتۆمبێلێكی جۆری شۆفرلێت ئیكۆنێكس ماتۆڕسوارەكە بەسەختی برینداربوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی خانەقین بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو كەسەی گیانی لەدەستداوە لەدایكبووی ساڵی 2005ە، دانیشتووی گوندی مێخاسی سەربەقەزای خانەقینە و لەلایەن تیمی هاتوچۆوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە.