روانگەی “عێراقی سەوز”ی تایبەت بە ژینگە رایگەیاند، هیچ تەرخانکردنی دارایی لە چێوەی رەشنووسی یاسای بودجەی دارایی بۆ ساڵی 2023 نییە، هاوکات هەڕەشەی پەنابردن بۆ دەسەڵاتی دادوەری و تەحەدای یاساکە دەکات ئەگەر پەسەندکرا بەبێ تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بە ژینگە.
روانگەی عێراقی سەوز رایگەیاند، “سەرچاوەکانمان لە ئەنجومەنی نوێنەران پێداچوونەوەیان بە نوێترین داڕشتنی رەشنووسی یاسای بودجە بۆ ساڵی 2023 کرد، بۆیان دەرکەوت کە هیچ تەرخانکراوێکی دارایی تێدانییە بۆ ژینگە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بودجە بەتاڵە لە وشەی بەبیابانبوون، وشکەساڵی، پیسبوونی ژینگە و تەنانەت گۆڕانی کەشوهەوا”.
روانگەکە دەڵێت، “ئەو پارەیەی بۆ ژینگە تەرخانکراوە لە چێوەی بودجەی کارکردندایە، واتە، تایبەتە بە مووچە و خەرجییەکانی وەزارەتی ژینگە و فەرمانبەرەکانی”، ئاماژەشی بەوەدا، “حکومەت بەرنامەی حکومەتەکەی خۆی پێشێلدەکات لە پرسە ژینگەییەکاندا کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر تەندروستیی خەڵک هەیە.”
“عێراقی سەوز” هەڕەشەی ئەوە دەکات کە “پەنا بۆ ئەنجومەنی دادوەری دەبات بۆ تەحەدای یاسای بودجە ئەگەر پەسەند بکرێت بەبێ هیچ تەرخانکردنێک و وەبەرهێنانێک بۆ ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا”.