باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی هێرشەكەی ئەمشەوەوە بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاوكراوەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد سەبارەت بە موشەكبارانكردنی ناوچەی سەوز ڕایگەیاند، “ئەو موشەكانەی كە ناوچەی نێودەوڵەتییان كردە ئامانج، لەلایەن سیستمی بەرگریی باڵیۆزخانەوە بەرپەرچدرانەوە و زیانی گیانییان لێنەكەوتەوە، زیانێكی كەمیان بە چەند ناوچەیەكی نیشتەجێبوونی نزیك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا گەیاندووە و ڕەنگە هەندێك هاوڵاتیی مەدەنیی عێراقیی بێتاوانیش برینداربووبن.”
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، “ئەم جۆرە هێرشانەی كە دەكرێنە سەر دامەزراوە دیپلۆماتییەكان، پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی و دەستدرێژیی ڕاستەوخۆن بۆسەر سەروەریی عێراق.”
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەیدا داوای لە حكومەتی عێراق كردووە ڕێوشوێن بگرێتەبەر و دەڵێت، “پێویستە هەموو سەركردە سیاسی و حكومییەكانی عێراق هەنگاوبنێن بۆ بەرگرتن لەو جۆرە هێرشانە و بەرپرسیاران سزابدەن.”
ئەمشەو پێنج موشەكی كاتیۆشا نران بە باڵیۆزخانەی ئەمریكا-وە و لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی باڵیۆزخانەكەوە تێكشكێندران.