پۆلیسی هەرێم وردەكاریی رووداوەكەی كۆیە ئاشكرادەكات

بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هەرێم وردەكاریی رووداوی تەقەكردنەكەی كۆیە ئاشكرادەكات و بەڵێنی دەستگیركردنی تۆمەتبارانیش دەدات

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ رووداوێكی تەقەكردن لە بەردەم بنكەیەكی پۆلیس لە قەزای كۆیە روویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی و كارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ھەرێم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هاوڵاتییەك كە لە بنكەی پۆلیسی ئازادی لە كۆیە داواكراو بووە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی نووسراوێكی پەیوەست بە برایەكی كە لە دادگای بەرایی رانیە كێشەی هەبووە، سەردانی بنكەكەی كردووە.

وتیشی، هاوڵاتییەكە لەناو بنكەكەدا كێشەی دروستكردووە و بە ماوەیەك پاش سەردانەكەشی، كەسوكارەكەی بە سێ ئۆتۆمبێلی چەكدارەوە خۆیان گەیاندووەتە بەردەم بنكەی پۆلیس و دەستیان بە تەقەكردن كردووە.

بەرپرسەكەی راگەیاندنی پۆلیسی هەرێم ئەوەشی وت، بەهۆی تەقەی هەڕەمەكیی چەكدارانەوە، ئەفسەر و كارمەندێكی بنكەكە برینداربوون، دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و دوو هاوڵاتیی دیكەش برینداربوون.

ئاشكراشیكرد، تۆمەتبار لە شوێنی رووداوەكە هەڵهاتوون و بەڵێنیشدا تۆمەتباران دەستگیربكرێن و رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.

بابەتی پێشتر

کەلوپەل و پێداویستی کشتوکاڵی بە قیستی درێژخایەن بە جوتیاران دەدرێت

بابەتی دواتر

12 تۆن و 400 كیلۆگرام كاڵەك دەستیبەسەرداگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share