پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند کە تۆمەتبارن بە دزینی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی تۆمەتبارێک بە زەبری چەک ئوتۆمبێلێک لە ھاڵاتییەک دەسەنێت، دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 446 بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکرد، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەھێشتنی دزینی ئوتۆمبێلەوە دەستگیربکرێت لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێل و ئەو چەکەی تۆمەتبار تاوانەکەی پێ ئەنجامدابوو”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تۆمەتبار (ب، ح، س) کە پێشینەی تاوانی ھەیە و بڕیارێکی تری دەستگیرکردنی ھەیە بەپێی ماددەی 442 لە یاسای سزادان، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە”.
ئاشکراشیکرد، “لە چالاکییەکی دیکەدا لەسەر سکاڵای ھاوڵاتییەک و بە بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەھێشتنی دزینی ئوتۆمبێل تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ماتۆڕسکیلێکی دزیبوو، دەستیشگیرا بەسەر ماتۆرسکیلە دزراوەکەدا”.
باسیلەوەشکرد، “لە ئێستادا تۆمەتبار (أ، ف، ح) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە”.