تیمی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی كۆبوونەوە

تیمی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی كۆبوونەوە و رایدەگەیەنن، دەبێت هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدا بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتییان بکرێت.

تیمی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 9ی ئایار لە سلێمانی بە سەرپەرشتی مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کرا و لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابورییەکان جەختكرایەوە كە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت و حیزبیش پتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا رەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.

هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە؛ دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا کە ئامانج لێیان بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیاردرا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان پێبدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی بە تۆمەتی “دزیكردن” كەسێكی دەستگیر كرد

پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردووە، كه‌ “دوو تاوانی‌ دزیكردنی‌ ئه‌نجامداوە” و پیشەی گواستنه‌وه‌ی‌ كه‌لوپه‌ل بووە به ‌عه‌ره‌بانه‌ لەناو…
Total
0
Share