دوای ئەوەی بۆ دەیەم جار دانیشتنی دادگا بۆ بڕیاردان لەبارەی سزادانی بکوژی هیشام هاشمی توێژەر و شارەزای ئاسایشی عێراق و گروپە چەکدارەکان، دواخرا، ئەمڕۆ دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە رایگەیاندووە، دادگای تاوانەکانی رەسافە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی هیشام هاشمی دەرکردووە.
ئاماژە بەوەکراوە، “دادگای تاوانەکانی رەسافە سزای لەسێدارەدانی لە دژی تاوانبار (ئەحمەد حەمداوی عەواید) دەرکرد لەسەر تاوانی کوشتنی شارەزای ئەمنی (هیشام هاشمی)”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دادگا بڕیارەکەی لەسەر بنەمای بڕگەکانی ماددەی 4/1 و لە چوارچێوەی مادەی 2/1/3ی یاسای دژە تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دەرکردووە”.
هیشام هاشمی شرۆڤەکاری ئەمنی و شارەزای بواری گروپە چەکدارەکانی عێراق، لە 6ی تەمموزی 2020دا لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەغداد بە تەقەی چەکدارێکی نەناسراو کە بە ماتۆڕسکیلێکەوە نزیکبووەوە لێی و لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا تیرۆریکرد.
لە مانگی تەمموزی ساڵی 2021، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، دەستگیرکردنی بکوژانی هاشمی راگەیاند، هاوکات میدیای فەرمیی حکومەت دانپێدانانی تاوانبارەکەی بڵاوکردەوە کە نەقیبێکی تەمەن 36 ساڵ بوو.